سەردێر

تەندروستی عیراق وادەی گەیشتنی یەكەم وەجبەی ڤاكسینی كۆرۆنای ئاشكراكرد

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق ڕایدەگەیەنێت ، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو یەكەم وەجبەی ڤاكیسنی كۆرۆنا دەگات و دەشڵێت،”ڤاكسینەكە لەجۆری ڤاكسینی سینۆفارمی چینییە و حكومەتی بەیجین پێشكەشی عیراقی كردووە”.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای جیهانی كۆرۆنا هاوشێوەی وڵاتان، عیراق لە ڕێگەی وەزارەتەوە هەوڵی دا بۆ دەستەبەركردنی ڤاكسینێك دژی پەتای جیهانی كۆرۆنا، كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكانی تایبەت بەدروستكردنی ڤاكسین بەستووە، لە وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیا و چین و ڕوسیا .

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە ، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ڤاكسینی دژ بەڤایرۆسی كۆرۆنا دەگاتە عێراق، كە وەك وەجبەی یەكەم بڕی 16 ملیۆن ڤاكسین دەگات.

جەختیشیكردۆتەوە، كە پلانی وەرگرتن و دابەشكردنی ڤاكسینی كۆرۆنایان تەواوكردووە ئەوەش لەڕێگە نەخۆشخانەو ناوەندە تەندروستییە پشت پێبەستراوەكان و لەژێر چاودێری لیژنە زانستی و راوێژكارییە باڵاكانی وەزارەتی تەندروستیدا تاوەكو پلانەكە سەرجەم هاوڵاتیان بگرێتەوە كە لەسەرەتادا كوتان بە ڤاكسینەكە لە كارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتیانی بەساڵاچو و ئەو هاوڵاتیانەوە دەستپێدەكات كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.