سەردێر

وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئێرانەوە: چەسپاندنی ئاسایش ئەولەویەتمانە

خەڵک

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئێرانەوە ڕایگەیاند، زامنی ئارامی و ئاسایش کاری لە پێشینەیانە، ئەم قسانەی حوسێن لە میانەی سەردانە یەک ڕۆژییەکەی بۆ ئێران هات، کە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاوی کردەوە، وەزیری دەرەوە لەگەڵ عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و هاوتا ئێرانیەکەی کۆبووەتەوە و باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی کراوە .

لەمبارەیەوە، ئەحمەد ئەلسەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند:”وتووێژەکان جەخت لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران دەکەنەوە، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچەکە و پشتیوانیکردنی هاوسەنگی و دوورکەوتنەوە لە گرژی و هەڵکشانی ئاستەنگەکان کراوە”.

 

هاوکات سەعید خەیتیبزاد، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانێش ڕایگەیاندووە، لە سەردانەکەی ڕۆژی شەممەی بۆ تاران، فواد حسێن چاوی بە محەمەد جەواد زەریف، هاوتا ئێرانییەکەی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی دەکەوێت.

 

سەردانەکەی حسێن،  دوای مشتومڕ دێت سەبارەت بە ڕۆڵی بەغدا لە بەئامانجگرتنی میلیشیاکانی پاڵپشتیکار لە ئێران، کە واشنتۆن دەیەوێت هەژموونی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە نەهێڵێت و لەبەرامبەر هەر هێرشێکدا پەرچەکرداری هەبێت و لەنوێترین کاردانەوەشدا شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی دا، کە لەلایەن ئیدارەی بایدن بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا لە عێراق ئەنجامدرا، 22 چەکداری میلیشیاکانی سەربە ئێران لە سووریا کوژران.

 

ڕۆژی هەینی ڕابردوو بایدن وتی؛ هێرشی ئاسمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێت ئێران وەک هۆشدارییەک بیبینێت .