سەردێر

یەكەم فڕۆكەی عیراق بۆ هێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا گەیشتە چین

خەڵك-
یەكەم فڕۆكەی عیراقی بۆ هێنانی یەكەم بڕی ڤاسینی كۆرۆنا لە جۆری (سینۆفارم) گەیشتە چین.

حەیدەر مەجید، وتەبێژی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بە ئاژانسی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ یەكەم فڕۆكەی جەنگی عیراقی بەرەو چین ڕۆیشتووە بۆ هێنانی یكەم بەشی ڤاكسینی دی كۆرۆنا.

ڕاشیگەیاندووە، هەڵمەتێك ڕاگەیەنرابوو دژی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ڤاكسین پێش گەیشتنی بە عیراق، بەڵام حكومەت بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ كڕینی ڤاكسینەكە لە پشكی بانكی نێودەوڵەتی دابین كردووە.

وتوشیەتی، “حكومەت سوورە لەسەر پاراستنی هاووڵاتیان و گەیشتنی ڤاكسینەكە لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەی باوەڕپێكراون”.

جەختیشی كردۆتەوە، لە تەواوی وڵاتدا 52 نەخۆشخانە و 506 ناوەندی پزیشكی تەرخان كراوە بۆ كوتانی هاووڵاتیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا.

بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتوودا بەشی یەكەمی ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری (سینۆفارم) بگاتە عیراق و دواتر جۆری (ڤایزەر) و تا كۆتایی مانگەكە 16 بۆ 18 ملیۆن ڤاكسین بگات و هاووڵاتیان بكوترێن.