خەڵك-
جارێكی دیكە ئامارەكانی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق و هەرێمی كوردستان ڕوویان لە هەڵكشان كردەوە و ئەمڕۆ زیاتر لە 4 هەزار كەس تووشی ڤایرۆسەكە بووە، كە بەشێكیان تووشبوون بە زنجیرە نوێیەكەی كۆرۆنا.
وەزارەتی تەندروستی عیراق لە بەیاننامەیەكدا، كە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لەتەواوی پارێزگاكانی عیراق و هەرێم 4336 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، كە زۆرینەیان لە پارێزگاكانی بەغدا و بەسڕە و نەجەف بوون.
ئاشكراشی كردووە، 2460 كەس لە ڤایرۆسەكە چاكبوونەتەوە و 14 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
وەك لە ڕاپۆرتەكەدا دەردەكەوێت، ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستانیش ڕووی لە هەڵكشان كردووە و گەیشتۆتە 202 كەس و لەبەرامبەردا 80 كەس چاكبوونەتەوە، بەلام هیچ حاڵەتێكی مردن تۆمار نەكراوە.