سەردێر

عیراق و ناتۆ پرسی فراوانكردنی هاوكارییەكانیان تاووتوێ دەكەن

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگریی عیراق، لەگەڵ فەرماندەی ھێزەكانی ناتۆ لە عیراق، چۆنیەتی پتەوتركردنی ھاوكاریی و ھاھەنگییە ھاوبەشەكانیان تاووتوێ كرد.


وەزارەتی بەرگریی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، جەبار سیجیل موتڵەگ حەیدەری ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگریی عیراق، لەگەڵ پێیر ئۆڵسن فەرماندەی ھێزەكانی ناتۆ لە عیراق، كۆبووەوە و چۆنیەتی پتەوتركردنی ھاوكاریی و ھاھەنگییە ھاوبەشەكانیان تاووتوێ كرد.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا، ژمارەیەك پرسی گرنگ تاووتوێكراون لەوانە چۆنیەتی پتەوتركردنی ھاوكاریی و ھەماھەنگییە ھاوبەشەكان لەگەڵ ھێزەكانی ناتۆ بەتایبەتیش لە بواری مەشق و ڕاھێنان بە سوپای عیراق، ھەروەھا سوود وەرگرتن لە ھێزەكانی ناتۆ.

ڕوونیش كراوەتەوە، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگریی عیراق پەرۆشی وڵاتەكەی نیشانداوە بۆ ھاوكاریكردنی زیاتر لەگەڵ ناتۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاری و جەختیكردووەتە لەسەر گرنگی لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ئەركی ھێزەكانی ناتۆ لە عیراق ئەوەش بە ئامانجی فراوانكردنی كارە ھاوبەشەكانی نێوان ھەردوولا.

خەڵك – بەشی هەواڵ