سەردێر

لە پارێزگایەكی عیراق زۆرترین منداڵ تووشی كۆرۆنا بوون

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی زیقار ئاشكرای دەكات، كە تەنها ئەمڕۆ 19 حاڵەتی تووشبوونی منداڵان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی زیقار لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە تەنها ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بەپێی ئەنجامی پشكنینەكانی تاقیگە 19 حاڵەتی تووشبوونی منداڵانی خوار 15 ساڵ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو ژمارەیەی ئەمڕۆ تۆماركراوە بە یەكەم ئاماری بەرز لەماوەی 5 مانگی ڕابردوو دادەنرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، كە ئەنجامی پشكنینی ئەو منداڵانە ڕەوانەی تاقیگەكانی بەغدا كراون بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئاخۆ ئەو منداڵانە تووشبووی كۆرۆنای گۆڕاون یان نا.

ئاشكراشی كردووە، بەهۆی بوونی گومانی تووشبوونەوە 67 پشكنینی منداڵان وەرگیراوە، بەڵام تا ئێستا 19 ئەنجامی دڵنیابۆتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەكدا، نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی ژمارەی منداڵانی تووشبوو بە كۆرۆنا دەردەبڕێت و دەشڵێت: “سەرەتای مانگی داهاتوو ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری (سینۆفارم)ی چین دەگات”.