سەردێر

فەتح: توركیا بۆ ئەم مەبەستە دەیەوێت شنگال داگیربكات

خەڵك-
هاوپەیمانی فەتح، هۆشداریی دەدات لە داگیركردنی شنگال لەلایەن توركیا و دەڵێت، توركیا چاوی لە هەردوو پارێزگەی كەركوك و نەینەوا بڕیوە و پارتی كرێكارانی كوردستانیش پاشەكشەی كردووە و هیچ بونێكی نەماوە لە قەزاكە.

محەمەد شەبەكی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”توركیا تەماحی لە هەردوو پارێزگەی كەركوك و نەینەوادا هەیە، ئەم تەماحەش دوورمەودایە، وێڕای تەماحی دەستگرتن بەسەر شریتی سنوری نێوان عیراق و توركیا و سوریا”.

بە وتەی شەبەكی”توركیا پارتی كرێكارانی كوردستان دەكاتە بیانوو لە شنگال، هەرچەندە ئەو حزبە بوونی لە قەزاكەدا نەماوە و چۆتە مەخمور و هەولێر، لەئێستاشدا شنگال ڕووبەڕووی هەڕەشەی داگیركاریی توركیا دەبێتەوە گەر حكومەتی عیراق ڕێگریی لێنەكات”.

بە بۆچوونی شەبەكی”توركیا كاردەكات بۆ دەستگرتن بەسەر تاكە دەرچەی سنوری نەینەوا لەگەڵ توركیا، تا عیراق لەڕووی ئابورییەوە بخنكێنێت، بەو پێیەی ترسی لە بەستنەوەی هێڵی شەمەندۆفەر هەیە لەڕێی نۆكەندی وشكەوە، لەئێستاشدا هەموو ئۆپەراسیۆنەكانی بۆ دەستگرتنە بەسەر سێگۆشەی عیراقی توركی سوری”.