سەردێر

ئێران پێنج مەرز بەڕووی عیراقدا دادەخات

خەڵك-
لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئێران پێنج مەرزی سنوری بەڕووی گەشتیارانی عیراقیدا دادەخات.

ئاژانسی (فارس)ی ئێرانی لە زاری ڕوحوڵڵا لەتیفی وتەبێژی بەرژەوەندییە گومرگییەكانی ئێران بڵاویكردەوە”بەبڕیاری پارێزگە سنورییەكان، مەرزەكانی سەردەشت و پیران شەهر و شەلامچە و جەزابە داخران، سبەینێ‌ سێ‌ شەممە بە هەمان شێوە مەرزی مەهرانیش دادەخرێت و بڕیاری داخستنەكەش تەنیا بۆ ڕێگرتنە لە هاتووچۆی گەشتیاران و جوڵە بازرگانییەكان وەكو خۆیان بەردەوام دەبن”.

بە وتەی لەتیفی”سنورەكان بەر لەم بڕیارە بەڕووی گەشتیارانی ئێران و عیراقدا و ئەوانەی هەڵگری ڤیزە بوون كراوە بوون بۆ ئەوانەی بۆ چارەسەر و خوێندن و بازرگانی و كاریی دیپلۆماسی هاتووچۆیان دەكرد لەنێوان هەردوو وڵات”.

دوێنێ‌ یەك شەممە، عەبدولڕەزا ڕەحمانی، وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند”بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، مەرزە سنورییەكان لە پارێزگەی خوزستان لە باشووری خۆرئاوای وڵات لەگەڵ عیراقدا داخران”.