سەردێر

یاسای ڕیشەكێشكردنی حزبی بەعس لەبەردەم گۆڕانكاریدایە

سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەی لەعیراق ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاریی لەیاسای ڕیشەكێشكردنی حزبی بەعس بكرێت.


باسم ئەلبەدری سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەی لە عیراق ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاریی لەیاسای ڕیشەكێشكردنی حزبی بەعس بكرێت كە ئەو یاسایە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران لەساڵی 2017 پەسەند كراوە و یاسایەكی فراوانە و زۆرێك لەڕێوشوێنەكان لەخۆدەگرێت و سزای ئەو كەسانە دەدرێت كە بانگەشە بۆ حزبی بەعس دەكەن و ستایشی دەكەن.

ئاماژەی بەوەشدا: ویستێك هەیە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای ڕیشەكێشكردنی حزبی بەعس لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و ئەوان چاوەڕوانی پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەكانن بۆ ئەوەی هەوڵی جددی بدرێت بۆ دانانی سنوورێك بۆ مشتومڕەكان و بەئامانجی گەیشتنە ئەنجامێكی ڕاستەقینە.

سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەی لە عیراق وتیشی: میوانداری كردنەكەیان لەپەرلەمان تایبەت دەبێت بۆ خستنەڕووی سروشتی ڕێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و هەلێك دەبێت بۆ خستنەڕووی ئەو كێشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەجێبەجێبەكردنی ڕێوشوێنەكانی تایبەت بە بنبڕكردنی حزبی بەعس.

خەڵك – بەشی هەواڵ