سەردێر

“بەرپرسانی عیراق ڤاكسینی كۆرۆنایان بۆ خۆیان و خێزانەكانیان وەرگرت”

خەڵك-

بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە ڤاكسینی كۆرۆنا بگاتە عیراق و سەرچاوەیەكی حكومی ئاشكرای دەكات، كە دەیان بەرپرسی سیاسی عیراق پێش گەیشتنی ڤاكسینەكە، دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە ڤاكسینی كۆرۆنا خۆیان كوتاوە.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی (RT)ی ڕوسی، كە لە زاری سەرچاوەیەكی حكومییەوە بڵاویكردۆتەوە، بە هەزاران “ژەم” لە ڤاكسینی كۆرۆنا گەیشتۆتە دەستی ژمارەیەك لە سیاسی و بەرپرسانی حكومی لە عیراق، كە بەدیاری لەلایەن وڵاتێكی عەرەبییەوە نێردراوە و بە دەیان بەرپرس خۆیان كوتاوە.

ڕاشیگەیاندووە، “ئەو ژەمە ڤاكسینە نزیكەی 10 هەزار ڤاكسین دەبێت و دەدرێت بە سیاسییەكان و فەرماندە سەربازییەكان و بەرپرسانی حكومی و كەسایەتییە دیار و باڵاكان و خێزانەكانیان”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕۆژانە ژمارەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو هاوولاتیان لە هەڵكشانە و بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە عیراق و بەپێی ئەولەویەتی چین و توێژەكان دابەش بكرێت، كە سەرەتا كارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەكوترێن.