خەڵك-
ئەمڕۆ شەممە، عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی گەیشتە سلێمانی و سەرەتا چووە سەر ئارامگای مام جەلال و چەند یاداشتێكی تۆماركرد.
عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی بە ئامادەبوونی هاوسەرۆكانی یەكێتی لەسەر ئارامگای مام جەلال لە دەباشان چەند یاداشتێكی تۆماركرد و نووسیویەتی، “شەرەفمەندبووم بە خوێندنی سورەتی فاتیحە لەسەر ڕۆحی ڕابەری گەورەی نیشتمانی و كوردی كۆچكردوو مام جەلال تاڵەبانی”.
وەك حەكیم یاداشتی كردووە، “هەموو ئەو کارە گەورە و نەمر و مەزنانەمان بەبیرهاتەوە کە ئەو سەرکردە بۆ گەلی کورد بەتایبەتی و گەلی عێراق بە گشتی ئەنجامی داون”.
نووسیویەتی، “یادی ئەو پەیوەندییە مێژوویانەمان کردەوە، کە بە خوێن و فرمێسك نووسراوەتەوە لەپێناو ڕزگاركردنی گەلەكەمان لە دیكتاتۆریەت و بنیاتنانی سیستمی دیموكراتی لە عیراق و بنیاتنانی سیستمێك، كە دادپەروەری بۆ گەلەكەمان بەدی بهێنێت”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “چەندە پێویستمانە لەو ڕۆژانەدا کەڕووبەڕووین لەگەڵ ئاڵنگاری گەورە لە دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و سەرەخۆشی بۆ هاوڕێکانی لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و خێزانە بەڕێزەکەی”.
حەكیم نووسیویەتی، “لە دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژوارداین و هەست بەوە دەکەین جێگەکەی چەند چۆڵە”.