سەردێر

تەندروستی: نیوەی تووشبوانی ئەمڕۆ كۆرۆنا نوێیەكەیە

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئاماری تووشبوانی 24 كاتژمیری ڕابردووی تووشبوانی كۆرۆنا، بەربەستی 4 هەزار حاڵەتی تیپەڕاند و نیوەی تووشبووەكانیش حاڵەتی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنایە.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق، بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند”دوایین ئاماری تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق، نیوەیان تووشبوون بە جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا”.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 48 هەزار و 990 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 4024 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”، ئەمەش بەراورد بە چەند مانگی ڕابردوو بە بەرزترین ئاستی تووشبوون دادەنرێت”.

بەپێی دوایین پەرەسەندنی تایبەت بە كۆرۆنا لە عیراق، وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بە هاتنەبەری قۆناغە هەرە مەترسیدارەكە دەكات بەهۆی زۆربوونی تووشبوان بە پاتەكە و جەختيش لەسەر پێویستی پابەندبوونی هاووڵاتیان دەكاتەوە بە ڕێكارەكانی خۆرپارێزی.