سەردێر

سێ‌ ناوچە قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتیان تێدا دەكرێت

خەڵك-
سێ‌ ناوچە لە عیراق، نزیكن بۆ ئەوەی قەدەغەكردنی گشتیان تێدا بكرێت، هۆكاریی ئەمەش بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تێیاندا دەگەڕێتەوە.

جەواد موسەوی، بڕیاردەری شانەی قەیران لە پەرلەمانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند”لە حاڵەتی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا، بە تایبەت جۆرە نوێیەكەی، دەستەواژەیەكی گەورەی مەترسی دەگەیەنێت و گوشارێكی زۆر دەكەوێتە سەر سیستمی تەندروستی لە عیراق”.

بە وتەی موسەوی”لە سایەی ئەم ڕەوشەدا، بەرەو قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتی دەچین لە ناوچەكان و پارێزگەكان كە ژمارەی تووشبوون تێیاندا ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە”.

بڕیاردەری شانەی قەیران لە پەرلەمانی عیراق، بەری كەرخی بەغدا و پارێزگەكانی نەجەف و كەربەلای دیاریی كرد كە وەك سێ‌ ناوچە لە وڵاتدا زۆرترین ژمارەی تووشبونیان تۆماركردووە و ئەگەری ئەوە هەیە قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتیان تێدا بسەپێنرێت.