سكرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ ڕایدەگەیەنێت، وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەكە لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە چالاكییەكانی ناتۆ لە عیراق فراوانتر بكەن و ژمارەی سەرباز و ڕاوێژكارەكانیان لە 500 كەسەوە بۆ نزیكەی 4000 كەس زیاد بكەن.
دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەكە كە تایبەت بوو بە تاووتوێكردنی چالاكییەكانی ناتۆ لە عیراق و ئەفغانستان، یەنس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ لە برۆكسلەوە لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی ئۆنلایندا ئاماژەی بەوە كرد، ئەوان ڕازیبوون چالاكییەكانی مەشق و ڕاهێنان لە عیراق فراوان بكەن، بۆ ئەوەی هاوكاریی هێزە ئەمنییەكانی عیراق بكەن لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا.
بەوتەی سكرتێری گشتیی ناتۆ، لەمەودوا مەشق و ڕاهێنانەكانیان دامەزراوەی ئەمنیی زیاتر لە عیراق دەگرنەوە و سنووری بەغدا تێدەپەڕێنن، كە پێشتر ڕاوێژكارەكانی تەنیا لە پایتەختی ئەو وڵاتە چالاكییان هەبوو.
ستۆڵتنبێرگ باسی لەوەش كردووە، فراوانكردنی چالاكییەكانیان قۆناغ بە قۆناغ دەبێت، دەشڵێت “ئێمە مەشق و ڕاهێنانەكانی ناتۆ بە گرنگ دەبینین بۆ بەرزكردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەكانی عیراق، چونكە ئەوە باشترین ڕێگەیە كە بتوانین ڕێگە لە گەڕانەوەی داعش بگرین”.
سكرتێری گشتیی ناتۆ ئەوەی ئاشكراكرد، هەموو چالاكییەكانیان لە عیراق لەسەر داواكاریی حكومەت و بە ڕێزگرتن لە سەروەریی ئەو وڵاتە ئەنجامدەدرێن.
خەڵك – بەشی هەواڵ