خەڵك-
سەرۆككۆماری عێراق لەكۆشكی سەلام پێشوازیكرد لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و گفتوگۆكرا دەربارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ھەماھەنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی پەرەپێدانی هاریكارییەكان لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی لە پێناو گەیشتن بە هاوبەشییەكی ستراتیژی لە بوارە جیاجیاكاندا .
د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح ، سەرۆككۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە 18-2-2021 لەكۆشكی سەلام پێشوازی لە ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كردوو و لەو دیدارەدا گفتوگۆكرا دەربارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات كرا، بە ئاڕاستەی خزمەتكردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی عێراق و ئەمریكا و ھێنانەدی ئاشتی و ئارامی بۆ ھەردوو گەلی دۆست و ھەموو ناوچەكە.
ھەر لەمیانی دیدارەكەدا سەرۆككۆمار بەگرنگییەوە باسی لە پیویستی هاریكاری و ھاوئاھەنگی كرد بۆ بەگژداچوونەوەی پاشماوەكانی تیرۆر و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا و بەهێزكردنی سەروەری عێراق، ھاوكات جەختیكردەوە لە پێویستی كەمكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە و رێگریكردن لەوەی عێراق بخزینرێتە نێو ناكۆكییەكانی لایەنی دیكەوە.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمریكا پابەندبوونی وڵاتەكەی دووپاتیكردەوە بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و چەسپاندنی سەروەری عێراق و بەهێزكردنی هاریكاری دووقۆڵی لە تەواوی بوارە جیاجیاكاندا.