سەردێر

ئێران سەدان موشەك لە عێراق جێگیر دەكات

خەڵك-

لەگەڵ زیادبوونی پەرەسەندنەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی، ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران نزیكەی 200 موشەكی درێژمەودای لە عێراق بۆ هێرشكردنەسەر ئیسرائیل بڵاوەپێكردووە بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست.

بەپێی رۆژنامە ئیسرائیلییەكە، ئێران سەدان موشەكی هەیە كە لە توانایاندایە بگەنە ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری پێكدادانی راستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل كەمە.

بەپێی زانیارییەكان لە ئەم دواییەدا ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر ژێرخانی ئێران لە سوریا چڕكردووەتەوە لە هەفتەكانی دواییدا، بەڵام ئیسرائیل دڵنیایی لە ئەو زانیارییانەدا نەداوە.

بەیانی رۆژی دوو شەممە هێزی هەوایی ئیسرائیل ئاشكرایكرد بۆردومانی چەند ئامانجێكیان لە دیمەشق كردووە لە دووهەم هێرشدا لە ماوەی حەفتەیەكدا.

ئەم بۆردومانە دوای ماوەیەكی كەم دێت لە دەستپێكردنی مانۆڕی سەربازی ئیسرائیل لە ناوچەكانی باكور.

لە عێراق بەردەوام گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران ئامانجەكانی ئەمریكا بۆردومان دەكەن.

رۆژی 15ی شوبات گرووپێك چەكداری شیعە هێرشی موشەكییان كردە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و چەند ئامانجێكی ئەمریكا، بەهۆیەوە كەسێك كوژراو نزیكەی 10 كەسی دیكەش بریندار بوون.