خەڵك-
سەرۆك وەزیرانی عیراق سەبارەت بە ڕووداوی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كە ئەو هێرشە بۆ دروستكردنی ئاژاوە و تێكەڵكردنی كارتەكانە.
ئەمڕۆ سێ شەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق كۆبووەوە و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند، ئەو كردەوە تیرۆرستییەی هەرێمی كوردستانی بەئامانج گرتووە ئامانجی نانەوەی ئاژاوە و تێكەڵكردنی كارتەكانە، بۆیە بڕیارمانداوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و ئاشكراكردنی تیرۆرستان.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو كارە تیرۆرستییە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی عیراقی هەوڵی گەورەی داوە بۆ ئارام كردنەوەی دۆخەكە لە ناوچەكە و دوورخستنەوەی ولات لە ململانێكان.
سەرۆك وەزیران وتویەتی، “هێزە ئەمنییەكان توانیویانە باندێكی تێكدەر بەناوی (گروپی مەرگ) دەستگیر بكەن، كە كاریان بریتیی بووە لە كوشتنی هاووڵاتیان و چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسان لە بەسڕە”.