سەردێر

سەرۆك كۆمارى عيراق لەگەڵ باڵیۆزی سوریا كۆبوەوە

خەڵك-
سەرۆك كۆماری عێراق لەمیانی پێشوازیكردنی لە باڵیۆزی سوریا ڕایگەیاند ، وڵاتانی ناوچەكە لە بەردەم بەرپرسیارتییەكی گەورەدان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و چەسپاندنی ئارامی ناوچەكە

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٢/١٥ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە سەتام جدعان دندح، باڵیۆزی سوریا لە عێراق و لە دیدارێكدا گفتوگۆكرا دەربارەی پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی كاركردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەنییەكان ، بەجۆرێك خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندی هەردوو وڵات بكات.

ڕاشیگەیاندووە، كۆمەڵی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكە لە بەردەم بەرپرسیارتییەكی گەورەدان بۆ تیپەڕاندنی قەیران و گرژییەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە پێویستە هەوڵەكان یەكخرێن لە پێناو هێنانەكایەوەی دیالۆگی جدی هاوبەش بۆ چەسپاندنی ئارامی ناوچەكە.

سەرۆككۆماری عێراق ئاماژەشی بۆ ئەوەكردووە، كە سەقامگیری ناوچەكە، پەیوەستە بە ئارامی عێراق و سوریا و پشتیوانیكردن لە هاریكاری و هەماهەنگی نێوان وڵاتانی ناوچەكە.