سەردێر

هەسەدە 100 دیلی داعشی رادەستی بەغدا كردەوە

 

خەڵك-

بەرپرسێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاشكرایكرد نزیكەی 100 چەكداری داعشیان رادەستی حكومەتی عێراق كردووەتەوە كە دیل بوون لای ئەوان.

بەرپرسەكەی هەسەدە بۆ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند پرۆسەی رادەستكردنەوەی دیلەكانی داعش لە هەفتەی رابردوو بووە لە سنوری نێوان هەردوولا.

راشیگەیاند سەرجەم دیلەكانی داعش عێراقی بوون و لە كەمپی دیلەكانی داعش بوون لە ژێر دەستی هەسەدە.

یەحیا رەسوڵ وتەبێژی سوپای عێراق لێدوانی لە ئەوبارەیەوە نەداوە، بەڵام سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراق بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فەڕەنسایی رایگەیاندووە دەسەڵاتدارانی عێراق پێشوازیان لە دیلە عێراقییەكان كردووە كە لای هێزە كوردییەكانی سوریا بوون.

سوریای دیموكرات دەڵێت ئێستا 10 هەزار دیلی داعشیان لایە كە نزیكەی 2 هەزاریان بیانین.

هاوكات 70 هەزار كەسوكاری چەكدارانی داعش لای هێزەكانی سوریای دیموكرات لە خێوەتگەی هۆڵن لە رۆژئاوای كوردستان كە خەڵكی نزیكەی 60 دەوڵەتن.

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان تا ئێستا 1600 دیلی عێراقی لە رۆژئاوای كوردستان هەن كە سەر بە داعش بوون.
بەرپرسەكەی هەسەدە داوای لە وڵاتانی جیهان كردووە كە چەكدارەكانی داعش وەربگرنەوە.