سەردێر

خەزعەلی داوا لە هاووڵاتیان دەكات بۆ شەڕ دژی توركیا ئامادەبن

خەڵك-
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلى حەق، كە لەلایەن قەیس خەزعەلی-یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت داوا لە هاووڵاتیانی عێراق دەكات بە تایبەت ئەوانەی، كە مەیدانی شەڕیان بینیوە، خۆیان ئامادە بكەن بۆ ئەو هێرشە داگیركارییەی توركیا لە چیای شەنگال و هەستنە سەرپێ و داواش لە توریكا دەكات هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە.

بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلى حەق بانگەوازێكی بڵاوكردۆتەوە و ڕایگەیاندووە، “ئەو ڕۆڵانەی عێراق، كە مەیدانی شەڕیان بینیوە خۆیان ئامادە بكەن بۆ ڕووبەڕووی داگیركاری توركیا لە چیای شەنگال” و داواش لە ئەنقەرە دەكات سوپاكەی لەناو خاكی عیراق بكشێنێتەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، هێزەكانی توركیا هەڕەشەی داگیركردنی نوێی خاكی عێراق دەكەن و زانیاری لەبارەی هەبوونی پلانی سەربازی سوپای توركیا بۆ داگیركردنی ناوچەكانی چیای شنگال هەیە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، گەلی عێراق، كە لە گۆڕەپانەكانی شەڕدا ئەزموونیان كردووە، ئامادەن لەگەڵ قارەمانانی هێزە سەربازیەكانمان و حەشدی شەعبی بەرەنگاری هەر ڕەفتارێكی شەڕانگێزانە ببنەوە، كە وڵاتەكەمان و گەل و خاكەكەمان بە ئامانج بگرێت و هەڕەشە و پێشێلی سەروەری و ئاسایشمان بكات.

لە بانگەوازەكەدا داهاتووە، “پێویستە حكومەت ئەركی دەستووری و یاسایی خۆی جێبەجێ بكات و بەتوندی ڕووبەڕووی ئەو جۆرە هێرشانە ببێتەوە و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگرێت و بە هەموو تواناوە كار بۆ جێبەجێكردنی ویستی نیشتمانی جەماوەری و بڕیاری پەڕلەمانی عێراق بكات بۆ سڕینەوەی هێزە سەربازییە بیانییەكان لە عێراق و دەستەبەركردنی ئاسایش و سەروەری و سەربەخۆیی خۆی”.

بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلى حەق داوای لە توركیا كردووە، “پێویستە ڕێز لە بنەماكانی دراوسێیەتی باش بگرێ و هێزە سەربازییە داگیركەرەكەی لە ناوخۆی عێراق و ناوچە سنورییەكان دووربخاتەوە و دوو وڵاتی موسڵمانی دراوسێ نەكێشێتە ناو سەركێشی بێ حساب، كە خزمەت بە هیچ كام لەو دو وڵاتە نەكات لە كەش و هەوای پڕ لە گڕووپڕی ناوچەكەدا”.