سەردێر

بەرهەم ساڵح: ئارامی عێراق فاكتەری گەشەپێدانی ناوچەكەیە

خەڵك-

سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی عەرەبی كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق دەبێتە فاكتەرێكی بەھێز بۆ سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەكە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ یەك شەممە ٢٠٢١/٢/١٤ لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە شاندێك، كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك كەسایەتی عەرەبی لە وڵاتانی میسر و ئوردن و سودان و تونس.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لەو دیدارەدا دواین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ئەو ئاڵنگارییانەی، كە رووبەڕووی ناوچەكە و گەلانی ناوچەكە دەبێتەوە گفتوگۆی لەبارەوە كرا، بەتایبەتی پەتای كۆرۆنا و لێكەوتە تەندروستی و ئابورییەكانی و مەترسی تیرۆر.

سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەگرنگی هاریكاری و ھاوئاھەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان و تێپەڕاندنی قەیران و گرژییەكان، لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆی جدی لە پێناو زامنكردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.

بەرهەم ساڵح وتیشی، “پێویستە هەنگاو بنرێت بەرەو ئاسۆی ھەماھەنگی ئابووری و ڕۆشنبیری و گەشەپێدان”، ھاوكات ئاماژەشیكرد بۆ ئەوەی، كە پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق دەبێتە فاكتەرێكی بەھێز بۆ سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەكە و ھێنانەكایەوەی بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانی سەرجەم گەلانی ناوچەكە.