سەردێر

15 ملیۆن دەنگدەر ناویان لەتۆماری بایۆمەتری تۆماركردووە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق ڕایدەگەیەنێت، لە كۆی 25 ملیۆن دەنگدەر كە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا مافی دەنگدانیان هەیە، تائێستا 15 ملیۆن دەنگدەر ناوی خۆیان لە تۆماری بایۆمەتریدا تۆماركردووە.


كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، لەكۆی ئەو 25 ملیۆن دەنگدەرەی لەهەڵبژاردنی داهاتووی عیراق مافی دەنگدانیان هەیە، 15 ملیۆن دەنگدەریان سەردانی بنكەكانی تۆماری ئەلكترۆنی دەنگدەرانیان كردووە و ناوی خۆیان تۆماركردووە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو ژمارەیە 13 ملیۆن كارتی دەنگدان دابەشكراوە و لەلایەن هاووڵاتیانەوە وەرگیراوەتەوە.

هاوكات جمانە ئەلغالی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئەوەی ئاشكرایكرد، بانگهێشتنامەیان ئاڕاستەی 71 باڵیۆزخانە و نوێنەری ڕێكخراوی بیانی كردووە كەبەشداربن لەچاودێریكردن و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان.

ئاماژەی بەوەشداوە، نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و ژمارەیەك وڵاتی تر ئامادەییان بۆ بەشداریكردن و یارمەتیدانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان دەربڕیوە و لەچەند ڕۆژی داهاتوودا تیمی تایبەت بەمەشقپێكردنی كارمەندانی كۆمسیۆن ڕەوانەی عیراق دەكەن.

خەڵك – بەشی هەواڵ



هەلبژاردە

گرنگترینەکان