سەردێر

عیراق، پێدانی خۆراك لە خوێندنگەكان دەستپێدەكاتەوە

خەڵك-
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵ، دەستپێكردنەوەی پرۆژەی پێدانی خۆراك لە خوێندنگەكان ڕادەگەیەنێت، ئەمەش پاش سەركەوتنی لە ئەزموونەكانی چەند ساڵی ڕابردوو.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵەوە بڵاوكرایەوە”لەگەڵ پرۆگرامی خۆراكی جیهانی دەستیانكردۆتەوە بۆ دابەشكردنی ژەمە خۆراكی تازە لە ساڵی خوێندنی ئێستا كە 330 هەزار منداڵ لەخۆدەگرێت و بەسەر 1200 خوێندنگەی سەرەتایی لە هەموو ناوچەكانی وڵات، ئامانج لەم پرۆژەیەش بەرەوپێشكردنی ڕەوڕەوەی فێركارییە و هاندانە بۆ خوێندكاران و قوتابیان، تا ئامادەی وانەكان ببن و دەرنەچوون كەمببێتەوە لە خوێندنگەكان و لە هەمان كاتیشدا بۆ نەهێشتنی بەدخۆراكییە”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”هەڵبژاردنی خوێندنگان، بە هەماهەنگی بووە لەگەل وەزارەتی پلاندانان و لێوەی ماددەی پڕ لە ڤیتامینەكان و كانزاكان دەدرێنە خوێندكاران كە یارمەتییان دەدات زیاتر بایەخ بە خوێندن بدەن و ئاستی زانستیان بەرزببێتەوە، ڕۆژانە وزەی زیاتریشیان پێدەبەخشێت لەكاتی وانەكاندا”.