سەردێر

باس لە سەرلەنوێ‌ دواخستنی هەڵبژاردن دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
هاوپەیمانی سائیرون باس لەو هەوڵانە دەكات كە بۆ دواخستنەوەی هەڵبژاردن خراونەتەگەڕ.


سەلام شەممەری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”هێزە میللی و سیاسی و نیشتمانییەكان چاوەڕوانی هاتنەبەری دەی تشرینی یەكەمی داهاتوو دەكەن بۆ بەشداریی كاریگەر لە هەڵبژاردن، تا گۆڕانكاریی بكەن و گەندەڵكاران دووربخەنەوە”.

بە وتەی شەممەری”لایەنگران و هەوادارانی ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانی سائیرون، لەگەڵ نیشتمانپەروەرەكان و ڕۆڵەكانی وڵات، لە وادەی هەڵبژاردندا قسەی خۆیان دەكەن بۆ هێناكایەی واقعێكی سیاسی نوێ‌ كە ئەركی بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە و پتەوكردنی سەروەریی و شەقامگیریی لەئەستۆدەگرن”.
ئەو پەرلەمانتارەی سائیرون دەڵێت”بە توندی بەگژ ئەوانەدا دە چینەوە كە دەیانەوێت لەسەر ئازارە كۆنەكە بخوێنن و كار بۆ دواخستنەوەی هەڵبژاردن یان هەڵوەشاندنەوەی بكەن”.

سەلام شەممەری پێیوایە”عیراق بەرەو پشێوی و ناسەقامگیریی دەچێت، گەر ئەو هەوڵانە سەربگرن و لەسەر ئاستی سیاسی و میللی و نیشتمانی، بەشێوەیەكی گونجاو وەڵام نەدرێنەوە”.