سەردێر

ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 2369 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 994 كەسیش چاكبوونەتەوە، 4 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا.


بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 47 هەزار و 657 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 2369 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”، ئەمەش بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو بە بە ژمارەیەكی زۆر زیاتر دادەنرێت و بە شێوەیەكی ناچاوەرۆِوانكراو بەرزبۆتەوە.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و نەجەف و كەربەلا و بەسرە بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 731 و لە نەجەف 248 و لە كەربەلا 336 و لە بەسرە 209 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە، “لە سلێمانی 21، هەولێر 22، و دهۆك 16 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 994 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا وكەربەلا و سلێمانی و سەڵاحەدین بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 4 كەس بەهۆی پەتاكە.