سەردێر

پەرلەمانی عیراق لەسەر ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا هاتەدەنگ

خەڵك-
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عیراق، لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەكەی توركیا “چنگی هەڵۆ 2” لە هەرێمی كوردستان هاتەدەنگ.

گاتع ڕەكابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆرژنامەوانیدا ڕایگەیاند”دەستوەردانی توركیا لە عیراق، خەریكە شێوازیی ڕۆژانە وەردەگرێت، بەڵام لەم ئۆپەراسیۆنەدا پەرەسەندنێك هەیە لە ڕووی بەكارهێنانی هێزەكانی توركیا بۆ فڕۆكە و تۆپ و هاتنەناوەوەی سەربازەكان بۆ ناوخۆ و بنكەكانی توركیا لەسەر خاكی عیراق”.

بە وتەی ڕەكابی”بنكە سەربازییەكانی توركیا لە عیراق فراوان و گەورەن، دەكرێت ئەنقەرە لەهەر كاتێكدا بیەوێت دژ بە عیراق بەكارییان بهێنێت”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عیراق پێیوایە”حكومەت تەماشاكەر وەستاوە و تائێستا وەڵامێكی گونجاوی نییە بەرانبەر بە قەبارەی پێشێلكارییەكانی توركیا بۆ سەروەریی نیشتمانی، حكومەت تائێستاش بوێری نەبووە سكاڵایەكی یاسایی لە دادگا نێودەوڵەتییەكان و لە نەتەوە یەكگرتووەكان یان كۆمەڵی وڵاتانی عەرەبی بەرزبكاتەوە، هەرچەندە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا بونەتە مایەی كوژرانی مەدەنییەكان و ڕاگواستنی دانیشتوان لە ناوچەكانیان”.

ئەمڕۆ چوار شەممە، وەزارەتی بەرگری توركیا لە بەیاننامەیەكی كورتدا، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی نوێی لە هەرێمی كوردستان بە ناوی “چنگی هەڵۆ 2” دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان بە بیانوی “وەڵامدانەوەی هێرشە تیرۆریستییەكان و زامنكردنی ئاسایشی سنورەكانی توركیا” ڕاگەیاند.