سەردێر

وتوێژەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامن

خەڵك-
جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، جخت لەسەر بەردەوامی وتوێژەكانی نێوان بەغدا و هەرێم دەكاتەوە لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی 2021 و دەڵێت، پشكی هەرێم لە بودجەدا پێشتر لەنێوان بەغدا و هەولێر ڕێكەوتنی لەسەر كراوە.


بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”لەئێستادا تەنیا مشتومڕ تەنیا لەسەر هەردوو ماددەی دە و یانزە هەیە لە ڕەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەدا، ئەمەش لەسەر پشكی هەرێمی كوردستانە كە لەنێوان لیژنەی دارایی و چەند فراكسۆنێكدا هەیە، نەك لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم”.

بە وتەی بەشیر حەداد”هەندێك پێیانوایە، ماددەكانی 10 و 11ی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان، ناكرێت تێبپەڕێنرێت و پێویستە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، لەئێستاشدا وتوێژەكان لەو بارەیەوە بەردەوامە”.

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق پێیوایە”چەند ڕێگەچارەیەك هەیە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە ڕێگەچارەیەك كە جێگەی ڕەزامەندی هەردوولابێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانییەكان كاردەكەن بۆ پەسەندكردنی دەقی ئێستای پرۆژە یاساكە كە تایبەتە بە پشكی هەرێم، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی تر لەو بارەیەوە، پێویستە لەگەڵ دەستور و یاساكاندا یەكانگیربێت”.

بەشیر حەداد ڕەتیدەكانەوە لەگەڕكەوتنی تێپەڕاندنی بودجە، پشكی هەرێم بێت، “بەڵكو بەردەوامبوونی لیژنەی داراییە لەسەر پرۆژە یاساكە، وتوێژەكانیش لەنێوان بەغدا و هەرێم بەردەوامن و پێشبینی دەكرێت بەمزوانە بگەنە ڕێكەوتن و دوابەدوای ئەوەش دانیشتنێك لەلایەن پەرلەمانەوە دیاریی دەكرێت، تا دەنگ لەسەر بودجە بدرێت”.