سەردێر

فەتح هۆكاری سەرهەڵدانەوەی داعش ئاشكرا دەكات

خەڵك-
هاوپەیمانی فەتح هۆكاریی سەرهەڵدانەوەی جموجۆڵ و چالاكییەكانی داعش لە هەندێك ناوچەی عیراقدا ئاشكرا دەكات و دەڵێت، وابەستەی چەند دۆسێیەكی دەرەكییە و دەستی ئەمریكای تێدایە.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “ئاشكرایە داعش كۆتایی پێنەهاتوو و لەناونەچووە، چونكە چەند وڵاتێك دەستیان لە كۆمەككردنی ئەو گروپە تیرۆریستانەدا هەیە”.

بە وتەی بەلداوی، “داعش لەئێستادا لە باكووری سوریایە و لەژێر پارێزگاریی ئەمریكایە و درێژە بە كارو كردەوە تیرۆریستییەكانی دەدات و ڕەوانەی ئەمدیویش دەكرێت، ئەمریكا و هەندێك لە وڵاتان دەیانەوێت لەڕێی چاندنی ئەم گروپە گڵاوانە جێپێگە بۆخۆیان بدۆزنەوە”.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت: “تیرۆری داعش مایەی وێرانكاریی بوو بۆ زرێك لە وڵاتان، لەئێستاشدا جگە لە عیراق، سوریاش بەدەستی كاروكردەوە تیرۆریستەكانی داعشەوە دەناڵێنێت، بە هەمان شێوە ئەفغانستان و پاكستان و هیندستان و چەندان وڵاتی تر گیرۆدەی دەستی تیرۆر و بیری توندڕەوین”.

بە بۆچوونی بەلداوی، “گروپە توندڕەوەكان لەلایەن وڵاتە گەورەكانەوە دروستكراون، بە تایبەتیش ئەمریكا، ئەمەش لەلایەن خۆیانەوە دانی پێدانراوە و دروستكراوی دەستی ترەمپ و هیلاری كلینتۆن بووە، ئامانج لە دروستكردنی ئەم جۆرە گروپانەش، پاراستنی قەوارەی زایۆنیزمە”.

محەمەد بەلداوی دەڵێت: “عیراقییەكان هەزاران شەهیدییان داوە تا ڕێگە لە گەڕانەوەی ئەو گروپە تیرۆریستە بگرن، دیارە دەركەوتنەوەشی لەڕێی شانە نوستووەكان و چەند مەفرەزەیەكی پەرتوبڵاوەوەیە كە لە 5 بۆ 10 كەس پێكدێن و دەیانەوێت لەڕێی تەكتیكی دەستوەشاندن و هەڵاتنەوە بوونی خۆیان بسەلمێنن، بەڵام بە هیمەتی هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی، ڕێگە بە گەڕانەوەی ئەو ڕێكخراوە شەڕەنگێزە نادەین كە وێرانكارییەكی فراوانی لە زۆرێك لە ناوچەكانی وڵاتدا دروستكرد، بۆ ئەمەش پێویستمان بە تۆكمەكردنی هێزە سەربازییەكان و چڕكردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەكانە، تا عیراق لە شەڕەنگێزی ئەو تیرۆریستانە بپارێزین”.