سەردێر

بەرهەم ساڵح پیشوازیكرد لە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەكات

خەڵك-
سەرۆك كۆماری عێراق پێشوازی لە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەكات و ڕایدەگەیەنێت، دەوڵەتانی ناوچەكە لە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی گەورەی مێژووییدان.

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠٢١/٢/١٠ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران و شاندی یاوەری.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “جەختكرایەوە لە پێویستی پتەوكردنی پەیوەنییەكانی نێوان عێراق و ئێران لە سەرجەم بوارەكاندا، بەتایبەتی ئاڵوگۆڕكردنی شارەزایی و توانای زانستی و چالاككردنی رێككەوتننامەكانی نێوان ھەردوو وڵات، ھەروەھا گرنگی ھەماھەنگی و ھاریكاریكردنی یەكدی لە ھەردوو بواری دادوەری و یاسایی، بەجۆرێك خزمەت بە ھەردوو گەلی دۆست بكات”.

بەرهەم ساڵح ڕایگەیاندووە، دەوڵەتانی ناوچەكە لە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی گەورەی مێژووییدان، بۆیە گرنگە گشت ھەوڵەكان یەكخرێن لە پێناو ھێنانەكایەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ كێشەكان و كۆتایی ھێنان بە قەیران و گرژییەكان و چەسپاندنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەكەدا.

وتیشی، “پاراستنی ئارامی و سەروەری عێراق دەبێتە سەكۆیەك بۆ ئاسایشی ناوچەكە و ھێنانەدی بەرژەوەندییەكانی سەرجەم گەلانی ناوچەكە”.

لای خۆیەوە، ئیبراهیم رەئیسی سڵاو و رێزی ڕابەری كۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندە گەل و دەوڵەتی عێراق، ھەروەھا پشتیوانی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ حكومەتی عێراق لە ھەواڵەكانی بۆ ریشەكێشكردنی تیرۆر و چەسپاندنی پایەكانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی ھاووڵاتیانی عێراق بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵینگارییەكان.