سەردێر

رەوشی ئەمنی بەغدا نائارامە

هێزەكانی سەرایا سەلام لە شەقامەكانی بەغدا و نەجەف بڵاوەیان پێكراوە

خەڵك-

رەوشی ئەمنی بەغدا نائارامە لە شەوی رابردووەوە هێزەكانی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی سەدر لە شەقامەكانی بەغدا و نەجەف و چەند شارێكی دیكەی باشور و نێوەڕاستی عێراق بڵاوەیان پێكراوە.

سەرچاوەكانی نزیك لە رەوتی سەدر ئاشكرایانكردووە هۆكاری بڵاوبوونەوەی هێزەكانیان پەیوەندی بە بوونی هەڕەشەی چەكدارەكانی داعشەوە هەیە بۆ سەر چەند شارێك.

لای خۆیەوە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لە پەیامێكدا لە تویتەر نیگەرانی خۆی لەبڵاوەپێكردنی ئەو هێزانە دەربڕی.

مستەفا كازمی دەڵێت: بنیاتنانەوە بە رێگا گرتن و دەستدرێژی بۆ سەر رەمزەكان و لێدان لە دامەزراوەكان نابێت، بەڵكو بە پشتگیرییان دەبێت، بۆیە سازش ناكەین لەسەر بنیاتنانەوەی دەوڵەت.

لای خۆیەوە سەفا تەمیمی وتەبێژی میلیشیاكانی سەرایا سەلام بۆ مێدیاكان رایگەیاند، ئەم بڵاوبوونەوەی هێزە بۆ پارێزگاری پارێزگا هەڕەشەلێكراوەكانە لەلایەن داعشەوە.

راشیگەیاند پلانێكیان ئاشكراكردووە كە هەوڵ هەیە بۆ كردنە ئامانجی چەند ناوچەیەك، بۆیە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانیشدا هەیە بۆ رێگرتن و پوچەڵكردنەوەی.

ئەمە جاری یەكەم نییە میلیشیا شیعەكان دەڕژێنە سەر شەقامەكانی شارەكانی عێراق، لە ماوەی رابردوو جارێكی دیكە میلیشیاكانی عەسائیب رژانە شەقامەكان و لە پێكدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان نزیكبوونەوە.