سەردێر

كازمی: بەردەوامین لە دژایەتی گەندەڵی

سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت: بەردەوام دەبین لە دەركردنی بڕیاری قورس لە بەرژەوەندی عیراق.


نووسینگەی ڕاگەیاندی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕاگەیاند: مستەفا كازمی سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گەشەپێدانی مرۆیی عیراق بۆ ساڵی 2021 كرد، گفتووگۆیان لەسەر چەند بوارێكی گرنگ كرد، چەند بڕیارێكی گرنگیشیان لەوبارەیەوەدا.

لە كۆبوونەوەكەدا كازمی ڕایگەیاند، پێویستە گرنگی بە توانای مرۆیی بدرێت، كە هۆكارێكی گرنگە بۆ ئابووری بەهێز لە داهاتوودا بتوانێت ڕووبەڕووبوونەوەی تەواوی ئەو ئاستەنگانە ببێت كە دووچارمان دەبنەوە، هەروەها ڕۆڵی دەوڵەت لێرەدا ئەوەیە كە بتوانێت ژێرخانێكی مرۆیی و ماددی فەراهەمبكات، ڕێگەشبدات بە گەشەسەندی كەرتی تایبەت.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەوەشی ڕوونكردەوە، بە هیچ جۆرێك بە گەشەسەندن و پێشكەوتنێك ناگەین ئەگەر دژایەتی گەندەڵی نەكەین، سەرەڕای ئاستەنگییە سیاسییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەت بەردەوام دەبێت لە دانی بڕیارە قورسەكان، ئەو بەرپرسیاریەتییە مێژووییەی كە كەوتووەتە سەر شانمان دەبێت بە چەند هەنگاوێك دەستپێبكەین بۆ بەرژەوەندی و ستراتیژی باشتری گەلەكەمان.

خەڵك – بەشی هەواڵ