سەردێر

پەرلەمانتارێكی كورد: شیعەكان نەرمی دەنوێنن

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عیراق، ئاماژە بە گۆڕانی هەڵوێستی شیعەكان دەكات لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا و دەڵێت، لایەنەكان لەئێستادا دەیانەوێت بەبەشداریی كورد بودجەی دارایی 2021 تێبپەڕێنرێت.

سەلیم شوشكەیی، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”لەئێستادا بەشێك لە لایەنە شیعەكان نەرمی دەنوێنن، حەزییان لێنییە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 بەبێ‌ كورد تێبپەڕێت، بەشێوەیەكی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی پەرلەمان لە فراكسیۆنە سیاسییەكان، دەیانەوێت پشكی هەرێك كەم یان زۆر بوونی هەبێت لە بودجەدا و كورد دەنگی لەسەر بدات و وەكو یاسای قەرزەكە تێنەپەڕێنرێت”.

بە وتەی سەلیم شوشكەیی:”بەدەركردنی هەرێم و جیاكردنەوەی لە بودجەدا، بۆ ئایندەی یەكبوونی عیراق خراپە، ئەوان هەرێمی كوردستان بە بەشێك لە عیراق دەزانن و پێنەدانی بودجە و دوورخستنەوەی، وادەكات هەرێمی كوردستان بیەوێت یان نەیەوێت، پەنا بۆ وڵاتانی دراوسێ‌ ببات و لێنان نزیك ببێتەوە و داهاتی زیاترییان ڕادەست بكات،دووركەوتنەوەی هەرێم لە عیراق نزیكبوونەوەی لە وڵاتانی دراوسێ‌ دەگەیەنێت كە بۆ یەكپارچەیی خاكی عیراق خراپە”.

پەرلەمانتارە كوردەكەی پەرلەمانی عیراق دەڵێت:”ئەم پەیامەمان بە ڕوونی بە كازمی و هەموو لایەنەكان گەیاندووە، لەوەی بێبەشكردنی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە هاووڵاتی عیراقین، پێچەوانەی ماددەی 14ی دەستورە، یۆیە ناكرێت بەهۆی ململانێیە سیاسییەكان كە هاووڵاتیان هیچ بەرژەوەندییەكیان تێدا نییە، زیانیان پێبگات”.

بە بۆچوونی سەلیم شوشكەیی:”ئەو هەڵوێستە بیانوودەداتە هەرێمی كوردستان، تا لە بەغدا دووربكەوێتەوە و لە وڵاتانی تر نزیكببێتەوە، بۆیە هیودارن ئەو بابەتە هەر وا نەڕوات، چونكە پرسی بودجە، هەرێم بە بەغداوە دەبەستێتەوە، بێبەشكردنیشی لە بودجە، بۆ ئایندەی هەرێم و بەغدا خراپە”.