سەردێر

وردەكاری كۆبوونەوی لیژنەی دارایی و كازمی بڵاوكرایەوە

خەڵك-
لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بە سەرۆكایەتی هەیسەم جبوری و بە ئامادەبوونی پەڕلەمانتارانی لیژنەكە و سەرۆك وەزیرانی عیراق و وەزیرانی دارایی و پلاندانان و نەوت و ئاوەدانكردنەوە و شارەوانی و ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران كۆبووەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە نووسینگەی هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەڕلەمان بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ 42هەمین كۆبوونەوەی خۆی دەربارەی پڕۆژە یاسای بودجە ئەنجامدا و كاركردنی لیژنەكە لەسەر 5 ئاستی سەرەكی بووە.

ڕاشیگەیاندووە، كاریان كردووە لەسەر كەمكردنەوەی كورتهێنان و كەمكردنەوەی خەرجییەكان بەشێوەی زانستی و زۆربەی وەزیرەكان گفتوگۆیان لەگەڵ كراوە، كە نزیكەی 302 دانیشتن ئەنجام دراوە لەسەرجەم ئاستەكان، هەروەها كار كراوە بۆ زیادكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “ئەو پڕۆژە یاسایەی لە حكومەتەوە هاتووە تەنها لایەنی دارایی ڕەچاو كردووە بەبێ‌ لایەنی ئابوووری، بۆیە دووبارە لیژەكە داڕشتنەوەی ستراتیجی بۆ بودجە كردووە و گۆڕانكاری جەوهەری كردووە لەنێویشیاندا شارەسەری كەرتی تایبەتی كردووە و هەنگاوی بوێرانە نراوە و پاڵپشتی بانكە پیشەسازی و كشتوكاڵی و خانووبەرەكان كراوە”.

ئاشكراشی كردووە، “سەرۆك وەزیرانی عیراق ستایشی هەوڵەكانی لیژنەكەی كردووە و پاڵپشتی خۆی بۆ ڕاگەیاندوون، كە لەبەردەم بەرپرسیارێتی مێژووییدان”.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “كازمی ئاماژەی بە گرنگیی وەبەرهێنان و بەرزبوونەوەی نرخەكانی نەوت لەنێو بودجەدا كردووه كە دەكرێت باری قورسی سەر شانی هاووڵاتییان سوكتر بكات”.

كازمی جەختی لە گرنگیی كاراكردنەوەی رێکاری بەئەلیكترۆنیكردن و مامەڵەی ژمارەیی كردووەتەوە، سەرەڕای كاراكردنەوەی رۆڵی ئەنجوومەنی خزمەتگوزاریی فیدراڵی، گرتنەبەری پرەنسیپی دادوەری لە دابەشكردنی سامانی وڵات لەنێوان سەرجەم ناوچەكانی عێراق بەپێی دستوور، دوورخستنەوەی گوزەرانی هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییەكان لە ململانێ سیاسییەكان.