سەردێر

ئەمریكا بە پارە پشتیوانی عیراق دەكات بۆ هەڵبژاردنەكان

ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریكی ڕایگەیاند، بە بڕی زیاتر لە نۆ ملیۆن دۆلار پشتیوانی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەكات.


ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریكی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، پشتویانی لە پڕۆسەی دیموكراتی لە عیراق دەكەن، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمریكا بە بڕی نۆ ملیۆن و 700 هەزار دۆلار و لە چوارچێوەی هاوكارییەكانی نێردەی نەتەوەیە كگرتووەكان پشتیوانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق دەكات.

جۆن كاردیناس بەڕێوەبەری ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریكی باسی لەوەكردووە: ئەمریكا پابەندە بە هاوكاریكردنی عیراق بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی و هاوكاری تایبەتیشی دەكات لە بەهێزكردنی سەروەری و سەقامگیری وڵاتەكەی.

ئەوەشی خستەڕوو، هاوكاریكردنی یۆنامی بۆ عیراق لەپێناو چالاككردنی هەوڵەكانییەتی بۆ زیاتر گرنگیدان بە هەڵبژاردن.

دەشڵێت: یارمەتییەكانی ئەمریكا لە ڕێگەی یۆنامییەوە تا 2023 بە دوو قۆناغ بەردەوامدەبێت. قۆناغی یەكەم لە پەرەپێدانی خێرا بە توانا هونەرییەكان و ڕێكخستنی پێویستی كۆمسیۆن. قۆناغی دووەم سەرنج دەخاتە سەر بونیادنانی توانای نووسینگەكانی هەڵبژاردنی سەر بە كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان، لەم قۆناغەشدا زیاتر لە چوارچێوەی پێشكەشكردنی ڕاوێژكاری و پشتیوانیكردنی پلانەكان بۆ هەڵبژاردن.

خەڵك – بەشی هەواڵ