سەردێر

تەندروستی لەسەر قەدەغەی هاتووچۆ ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی عیراق بڵاوبوونەوەی نووسراوێك بە ناوی وەزارەتەكەوە تایبەت بە قەدەغەی هاتووچۆ ڕەتدەكاتەوە و جەختدەكاتەوە، كە دەركردنی ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانییە.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشێكی میدیا عییراقییەكان، نووسراوێكی وەزارەتی تەندروستی بڵاوكراوەتەوە، كە تێیدا ئاماژە بە ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ كراوە لە كاتژمێر 6ی بەیانی بۆ 6ی ئێوارە بۆ ماوەی دوو هەفتە.

لای خۆشیەوە، د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕەتی كردەوە ئەو نووسراوە لەلایەن ئەوانەوە دەركرابێت و ڕایگەیاند، ئەوەی لەو نووسراوەدا هاتووە ساختەیە و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەرنەچووە.

ڕاشیگەیاندووە، هەموو بڕیارەی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانییەوە بە بەیاننامەی فەرمی بڵاودەكرێنەوە.

وتەبێژی تەندروستی عیراق داوا لە ڕاگەیاندنەكان و هاووڵاتیان دەكات، “تەنها زانیاری لە سەرچاوەی فەرمی باوەڕپێكراوەوە وەربگرن، بەپێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی لە دژی ئەو پڕوپاگەندانە دەگرنەبەر”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە كۆتایی مانگی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری تا ئێستا نییە، بەڵام ناچارین پەنا ببەینە بەر نیمچە قەدەغەی هاتووچۆ و داخستنی بەشێكی شوێنەكان ئەگەر دۆخەكە بەو جۆرەی ئێستا بڕوات و ژمارەی تووشبووان لە هەڵكشان بەردەوام بێت.