سەردێر

عیراق و هەرێم، 1150 تووشبوی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 1150 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 1090 كەسیش چاكبوونەتەوە، 12 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا.


بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 50 هەزار و 683 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 1150 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”، ئەمەش بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو بە بە ژمارەیەكی زۆر زیاتر دادەنرێت.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و كەربەلا و بەسرە بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 427 و لە كەربەلا 106 و لە بەسرە 106 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە، “لە سلێمانی 20، هەولێر 12، و دهۆك 24 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 1090 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە دهۆك و بەغدا و دیالە و سلێمانی بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 12 كەس بەهۆی پەتاكە.