سەردێر

هاوپەیمانی هیوا و كازمی كۆبوونەوە

مستەفا كازمی بڕیاریداوە كێشەی كارمەندانی فەرمانگە فیدراڵییەكان و شایستە داراییەكانی جوتیاران چارەسەر بكات.


ئەمڕۆ چوار شەممە 3/ 2/ 2021، هاوپەیمانیی هیوای كوردستانیی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانیی عیراق كۆبووەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوێك لەو كۆبوونەوەیەدا چەندین تەوەری هەستیار و گرنگی تایبەت بە عیراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی گفتوگۆ كران، پرسی گۆڕینی پەیوەندیی نێوان هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی بۆ پەیوەندیی هاوكاری و تەواوكاری دیدی هاوبەشی هەردوولا بوو.

هەروەها پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی حكومەتی فیدراڵیی و شایستە داراییەكانی جوتیاران و فەرمانگە فیدراڵییەكان و كێشەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی هەرێم و زیندانیانی سیاسیی و شەهیدان و ئەو گرفتانەی تر كە لە مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە باس كران.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، تەوەرێكی گرنگی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە دۆسیەی ماف و ئازادییەكان لە كوردستان و داواكراوە كە سەرۆك وەزیرانی عیراق هەوڵەكانی بۆ ئازادكردنی زیندانییەكانی دهۆك و بادینان بخاتە گەڕ كە لە پێناوی ئازادیی ڕادەربڕین چەندین مانگە خراونەتە زیندانەوە و ژیان و سەلامەتیان لە مەترسیدایە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆك وەزیرانی عیراق بە بایەخەوە كاركردنی هاوپەیمانیی هیوای كوردستانیی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند لە پێناوی دژایەتی كردنی گەندەڵی و داكۆكیكردن لە بەرژوەندیی هاووڵاتیان هەماهەنگ و پشتیوانی یەكتری دەبین و بەڵێنیشیدا بە زوویی كێشەی فەرمانگە فیدراڵییەكان و بەنداوەكان و شایستە داراییەكانیی جوتیاران چارەسەر بكرێت و بەدواداچوون بۆ هەموو كێشە و گرفتەكانی تریش بكات.

خەڵك – بەشی هەواڵ