سەردێر

یۆنان، تائێستا چارەنوسی فڕۆكەوانە عیراقیەكە نادیارە

خەڵك-
كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراقی، بەیاننامەیەك سەبارەت بە فڕۆكەوانە ونبووەكە لە یۆنان بڵاەدەكاتەوە و دەڵێت، دۆزینەوەی فڕۆكەكەی دوورە لە ڕاستییەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراقییەوە بڵاوكرایەوە”لەكاتێكدا وەزارەتی گواستنەوەی عیراق و سەنتەری ئیدارەی قەیرانەكان و كۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسمانی عیراق ئەوپەڕی تواناوە هەوڵەكانيان بۆ دۆزینەوەی فڕۆكەوان عەممار ئیبراهیم خۆستۆتەگەڕ، هەندێك هەواڵی درۆ بڵاوبوونەوە كە باس لە دۆزینەوەی فڕۆكەكە دەكەن بە تێكشاوی لە یەكێك لە ناوچەكانی یۆنان”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لەو بارەیەوە دەمانەوێت ناڕاستی ئەو زانیارییانە ڕوونبكەینەوە، بەو پێیەی تائێستاش پرۆسەكانی گەڕان بەدەوامن و لەحاڵەتی گەیشتن بە هەر زانیارییەكیش دەستبەجێ‌ لەڕێی ماڵپەڕە فەرمییەكانی وەزارەتی گواستنەوە و هێڵی ئاسمانی عیراقییەوە ڕادەگەیەنرێت”.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر وەزارەتی گواستنەوە، گەیشتنی شاندێكی عیراقی بۆ یۆنان ڕاگەیاند، تا بەدواداچوون بۆ پرۆسەكانی گەڕان بكەن بەشوێن فڕۆكەوان و فڕۆكە ونببووەكەی.

بەپێی بەیاننامەیەكیش كە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عیراقەوە بڵاوكرایەوە، فڕۆكەكە كە دەتوانێت دوو فڕۆكەوان هەڵبگرێت و بۆ مەبەستی مەشقكردن بەكاردەهێنرێت، لە فڕۆكەخانەی كوزانی بەرەو خۆرئاوای یۆنان فڕیوە، فڕۆكەكە لە كاتژمێر 11:20 بە كاتی بۆنان لە فڕۆكەخانە دەرچووە، لە دوای كاتژمێرێك لە فڕینی پەیوەندی لەگەڵیدا لەدەستدراوە.

دوایین هەواڵ لەو بارەیەوە كە لە میدیاكانی عیراقدا بڵاوكرایەوە، تەرمی كاپتنی فڕۆكەوان عەممار ئیبراهیم لەنێو پارچەكانی فڕۆكە تێكشكاوەكەی لە يۆنان دۆزرايەوە.