سەردێر

عیراق، ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوون دەكات

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 1317 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 1275 كەسیش چاكبوونەتەوە، 11 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 46 هەزار و 583 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 1317 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”، ئەمەش بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو بە بە ژمارەیەكی زۆر زیاتر دادەنرێت.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و نەجەف و كەربەلا بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 586 و لە نەجەف 118 و لە كەربەلا 134 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە، “لە سلێمانی 12، هەولێر 8، و دهۆك 28 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 1275 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە دهۆك و بەغدا و كەربەلا و سلێمانی بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 11 كەس بەهۆی پەتاكە.