سەردێر

سەركردەیەكی گەورەی تری داعش كوژرا

خەڵك-
سەرچاوەیەكی ئەمنی كوژرانی بەناو (والی باشووری عیراق)ی ڕێكخراوی داعش لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە خۆرئاوای بەغدا ڕادەگەیەنێت.

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاند”لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە ناوچەی زێدان لە ئەبوغرێبی باشووری خۆرئاوای بەغدا، بە ناو والی باشووری عیراقی ڕێكخراوی داعش كوژرا كە بە ئەبو حەسەن ناسراوە”.

سەرچاوەكە هیچ وردەكارییەكی تری لەبارەی كوژراوەكەوە نەخستبووەڕوو.

لە 28ی كانوونی دووەمی ڕابردوو، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، كوژرانی ئەبو یاسر عیساوی بە ناو “والی عیراق و جێگری خەلیفە”ی داعشی لە ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنی جۆریدا ڕاگەیاند.

دوابەدوای ئەوەش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەئكیدی لەسەر كوژرانی بەرپرسەكەی داعش كردەوە لە باشووری پارێزگەی كەركوك و ئاماژەی بە كوژرانی 9 چەكداریی تری ڕێكخراوەكەش كرد كە هەندێكیان بە هەمان شێوە پۆستی سەركردایەتییان لەنێو داعشدا هەبوو.