سەردێر

بەرهەم ساڵح و كازمی دەربارەی مووچە كۆدەبنەوە

خەڵك-
ئەندامێكی كوردی پەڕلەمانی عیراق سەردانی سەرۆك كۆمار دەكات و دەڵێت: “بەرهەم ساڵح دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان و پارەی جوتیاران لەگەڵ مستەفا كازمی كۆدەبێتەوە و بەم زووانە خەرج دەكرێت”.

ئارەزوو مەحمود، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٢٠٢١/٢/٢ سەردانی سەرۆك كۆماری عیراقم كرد بەمەبەستی تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ و بەپەلە لەوانە (مەرزی كێلێ، بەنداوی دەڵگە، یاریگاكانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، بۆردومانەكانی توركیا، مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی ھەرێم و پارەی گەنمی جوتیاران).

ڕاشیگەیاند، سەرۆك كۆمار بەڵێنی دا ھەر ئەمڕۆ چاوی بكەوێت بە مستەفا كازمی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و پارەی گەنمی جوتیاران و مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی ھەرێم بەزوترین كات خەرج بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ھەموو خاڵەكانی تریش بەرنامەی چڕوپڕمان داناوە.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە ئارەزوو مەحمود، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوون.