سەردێر

سائیرون بۆ (خەڵك): هەرێم و بەغدا ڕێكناكەون

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون، دوایین وردەكاریی دانوستانەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ئاشكرا دەكات، پێشبینیش دەكات لەم قۆناغەدا هەرێم و بەغدا نەگەنە ڕێكەوتنێكی كۆتایی لەسەر بودجە.

ڕیاز مەسعودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (سائیرون) لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:” لای هەموان ئاشكرایە ئێستا ئێمە لە ساتە كۆتاییەكانداین و دەبێت بودجە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە، یان لە هەفتەی داهاتوودا دەنگی لەسەر بدرێت، كاتەكە بەشی چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ ناكات، بۆیە لەو بڕوایەدام هێزە سیاسییەكان لەئێستادا ڕوو لە چارەسەرە مامناوەندەكان بكەن”.

بە وتەی مەسعودی:”چارەسەرەكەش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە هەموان ڕازیبن بە تێپەڕاندنی پرۆژە یاساكە بە كەمترین دەرفەت، سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانیش، ئەوا بەدڵنیاییەوە كێشەكان لەئێستادا و لەم بودجەیەدا چارەسەر نابن، بە تایبەت كە دەبینین برایانمان لە هەرێمی كوردستان داوای قەرەبووی ساڵانی نێوان 2014 و 2018 دەكەن، حكومەتیش كارلێكی لەگەڵ ئەو بابەتەدا كردووە، بەڵام گەر بگاتە پەرلەمان، ئەوا زۆربەی هێزە سیاسییەكان گەشبین نابن بەرانبەر بە بابەتەكە”.

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی سائیرون، ئاماژەی بە بەردەوامبوونی دیالۆگ و دانوستانەكان كرد لەنێوان هەرێم و بەغدا و وتی:”ئەوەی گرنگە لێرەدا ڕازیبوونی هێزە سیاسییەكانە، بەو پێیەی هەژموونیان لە پەرلەمان هەیە، ئەوەی لەئێستاشدا هەیە، ئەوەیە كە حكومەت ڕاوبۆچوونی خۆی دەربڕیوە، ئەوەی ماوە ڕاوبۆچوونی پەرلەمان و هێزە سیاسییەكانە”.

ڕیاز مەسعودی پێشبینی دەكات:”ڕێكەوتن لە دوایین ساتەكاندا بكرێت، ئەو ڕێكەوتنەش ڕێكەوتنێكی یەكلاكەرەوە نابێت، بەڵكو ڕێكەوتنێكی كاتی دەبێت كە ئامانج لێی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیە و ئەرك و بەرپرسیارێتی سفركردنەوە و چارەسەكردنی كێشە و ناكۆكییەكانیش دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت و پەرلەمانی داهاتوو”.