سەردێر

وەزیری دارایی عیراق بۆبەردەم پەرلەمان بانگهێشت دەكرێت

خەڵك-
لەسەر داوای پەرلەمانتارێك، پەرلەمانی عیراق دانیشتنی داهاتوو بۆ بانگهێشتكردنی عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی وەزیری دارایی، دیاریی دەكات.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە لەلایەن میدیاكانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”یوسف كیلابی ئەندامی پەرلەمانی عیراق، داواكارییەكی پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، لەپێناو بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی سەبارەت بە بودجەی 2021 و بڕگەكانی”.

بەپێی بەڵگەنامەكە، بەشیر حەدا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، ڕەزامەندی لەسەر داواكارییەكە دەربڕیوە و دانیشتووی داهاتوو وەك وادەیەك بۆ بانگهێشتكردنەكە دیاریی كردووە، بەڵام وادەی دانیشتنەكە تائێستا دیاریی نەكراوە.

پەرلەمان و لیژنەی دارایی لەئێستادا سەرقاڵی گفتووگۆن لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2021 كە بڕی گشتی كەمكرایەوە و هەندێك گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە ماددەكانیدا كرا.

چاوەڕوان دەكرێت پەرلەمان لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا، گۆڕانكارییەكان لە بودجەدا تەواو بكات، بەر لەوەی بۆ دەنگدان لەنێو پەرلەماندا بخرێتەڕوو.