سەردێر

عیراق و هەرێم، زیاتر لە 1130 تووشبووی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵک –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 1135 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 1210 كەسیش چاكبوونەتەوە، 11 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا.


بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 45 هەزار و 290 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 1135 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و نەجەف و كەربەلا بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 327 و لە نەجەف 94 و لە كەربەلا 103 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە، “لە سلێمانی 17، هەولێر 13، و دهۆك 24 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 1210 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە دهۆك و بەغدا و كەربەلا و سلێمانی بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 11 كەس بەهۆی پەتاكە.