سەردێر

سائیرون وردەكاریی دانوستانەكانی شاندی هەرێم لە بەغدا ئاشكرا دەكات

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون، باس لە بوونی كۆدەنگییەك دەكات لە پەرلەمانی عیراق بۆ پەسەندكردنی بودجە بە زۆرینەی سیاسی و دەڵێت، 21 پەرلەمانتاری كوردیش لەگەڵ تێپەڕاندنی بودجەدان بەبێ‌ ڕێكەوتن لەگەڵ هەولێر.

ڕیاز مەسعودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”هێزە كوردییەكان لەنێو خۆیاندا دابەشبوون و هەر تەنیا نوێنەرایەتی حزبە تەقلیدییەكان ناكەن، بەو پێیەی ژمارەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی هیوا گەیشتە 21 پەرلەمانتار، ئەمەش ژمارەیەكی تەواو پێكدێنێت بۆ تیپەڕاندنی بودجە بە زۆرینە كە لە سۆنەكەی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات دەبێت، بەبێ‌ ئاوڕدانەوە لە بەرژەوەندییە بەرتەسكەكان”.

بە وتەی مەسعودی”بودجە پێوستی لە 166 دەنگە بۆ تێپەڕاندنی، ئەم ژمارەیەش ئێستا هەیە و لە هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان پێكدێن، بۆیە ناكرێت وابەستەی كاروانی دانوستانەكان بین، بەو پێیەی شاندەكەی هەرێم هیچ شتێكی نوێی نەخستۆتەڕوو”.

ئەو پەرلەمانتارەی سائیرون دەڵێت”بڕگەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان، كوردستان پابەند دەكات بە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا، لەكاتێكدا هەولێر نەوت ڕادەستی كۆمپانیا وەبەرهێنەكان دەكات تا بەدوور لە چاوی بەغدا بیفرۆشێت، ئەمەش بەبێ‌ ڕەوچاوكردن و باسكردنی ئیدارەی خاڵە سنورییەكان”.