سەردێر

هەردوو سەرۆك هەڵبژاردنی ئایندە و بودجە گشتی تاوتوێ دەكەن

خەڵك-
سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق جەختدەكەنەوە لە گرنگی تێپەراندنی بودجەی گشتی لەسەر بنەمای پاراستنی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی هاووڵاتیان دوور لە ململانێ سیاسییەكان و بێ جیاوازی.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٢/١ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكانی وڵات تاوتوێكران.

جەختیشكرایەوە ، لەگرنگی بەهێزكردنی هەوڵە ئەمنییەكان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ریشەكێشكردنی پاشماوەكانی تیرۆر و رێگریكردن لە هەر هەوڵێك كە بیەوێت ئاسایش و ئارامی ھاووڵاتیان تێكبدات، هاوكات دووپاتیشكرایەوە لە پشتیوانیكردن لە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات.

بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تەرخانكرابوو سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئایندە، بۆ ئەو مەبەستە ھەردوو سەرۆك هاوڕابوون، كە گرنگە ئامادەكارییەكانی سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژادنەكانی ئایندە زامن بكرێت، هاوكات بەگرنگییەوە پێداگری كرا لە ئەنجامدانی ھەڵبژادنەكان بە شێوەیەكی پاكوبێگەرد دوور لە ساختەكاری و فرتوفێڵ لە سەرجەم قۆناغەكانی پرۆسەكەدا.

لە كۆتاییدا هەردوو سەرۆك دۆخی ئابووری و تەندروستی وڵاتییان تاوتوێكرد و بەگرنگیان زانی هەموو رێوشوێنێكی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵینگارییە ئابوورییەكان بگیرێتەبەر، جەختیانكردەوە لە تێپەراندنی بودجەی گشتی لەسەر بنەمای پاراستنی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان دوور لە ململانێ سیاسییەكان و بێ جیاوازی و پشتیوانیكردن لە چین و توێژی هەژاران و كەمدەرامەتەكان.