سەردێر

كازمی 5 بڕیاری دەربارەی كۆرۆنا و پڕۆسەی خوێندن دەركرد

خەڵك-
سەرۆك وەزیرانی عیراق ژمارەیەك بڕیار دەربارەی دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڤید19 و دابەشكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا پڕۆسەی خوێندن دەركرد و جەختیشی كردەوە، جگە لە دامەزراوە حكومییەكان ڕێگە نادرێت لە هیچ شوێنێكی دیكە ڤاكسینەكە بدرێت بە هاووڵاتیان.

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە نووسینگە ڕۆژنامەوانییەكەی بڵاویكردۆتەوە، جەختی كردۆتەوە لەسەر جێبەجێ‌ كردنی بڕیارەكانی لیژنەی بالای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی تایبەت بە ڕێگری كردن لە هاتنەناوەوەی جۆری نوێی كۆرۆنا لە دەروازەكانەوە و ڕێگری كردن لە گەشتی ئەو وڵاتانەی كۆرۆنای گۆڕاویان تێدا بڵاوبۆتەوە.

كازمی بڕیاریشی داوە، “وەزارەتی دەرەوە هەڵدەستێ‌ بە ڕاسپاردنی باڵیۆزخانەكانی عیراق بۆ هەماهەنگی كردن لەگەڵ ئەو وڵات و كۆمپانیایانەی ڤاكسینی كۆرۆنایان بەرهەمهێناوە وەك (ڤایزەر و ئەسترازینیكا) تاوەكو بەزووترین كات بگاتە وڵات و ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای (سینافۆرم)ی چینی تاوەكو ڤاكسینەكەیان ڕەوانەی عیراق بكەن”.

هەر بەپێی بڕیارەكان، “ڕێگا نادرێت جگە لە دامەزراوە حكومییەكان، هیچ كەس و لایەنێكی دیكە بەبێ‌ ڕەزامەندی وەزارەتی تەندروستی فیدڕاڵی ڤاكسینی كۆرۆنا بدەن بە هاووڵاتیان”.

سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن، كازمی بڕیاری داوە، “وەزارەتی پەروەردە پابەندە بە دەوامی خوێندنگەكان لە هەفتەیەكدا یەك ڕۆژ بۆ هەر پۆلێك و پەیڕەوكردنی ڕێكارە خۆپارێزییەكان و پشكنینی خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی كەرتی پەروەردە لەناو دامەزراوە پەروەردەییەكان بە بەردەوامی”.