سەردێر

قەدەغەی هاتووچۆ لە عیراق دەستپێدەكاتەوە

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی عیراق هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان لە سەپاندنەوەی نیمچە قەدەغەی هاتووچۆ لەحاڵەتی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان و بەرزبوونەوەی ژمارەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ماوەی چەند ڕۆژێكە ژمارەی تووشبووان و مردووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕووی لە بەرزبوونەوە كردۆتەوە دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بۆ كەمترین ئاست دابەزی، بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی دوێنێ‌ هەینی تووشبوون هەڵكشاوە بۆ 945 كەس و مردن 12 كەس و چاكبوونەوە 1280 كەس.

وەزارەتی تەندروستی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری تا ئێستا نییە، بەڵام ناچارین پەنا ببەینە بەر نیمچە قەدەغەی هاتووچۆ و داخستنی بەشێكی شوێنەكان ئەگەر دۆخەكە بەو جۆرەی ئێستا بڕوات و ژمارەی تووشبووان لە هەڵكشان بەردەوام بێت.

ڕاشیگەیاندووە، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیی عیراق كۆدەبێتەوە و لێكۆڵینەوە لە دۆخەكە دەكات و هەڵوێست و بڕیاری خۆی ڕادەگەیەنێت.

سەبارەت بە ڤاكسینی كۆرۆنا، تەندروستی عیراق جەختی كردۆتەوە، “لە مانگی شوبات-ی داهاتوو ڤاكسینی دژی كۆرۆنا لە جۆری ڤاكسینی چینی یان (سپوتنیك)ی ڕوسی دەگاتە عیراق”.