سەردێر

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: داعش گورزێكی گەورەی بەركەوت

خەلك-
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی كوژرانی ئەبو یاسر عیساوی سەركردەی ڕێكخراوی داعش لە عیراق ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ هەینی كۆڵۆنێل، وین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند”ئەبو یاسر سەركردەی داعش لە عیراق، لە هێرشێكی ئاسمانی لە نزیك كەركوك لە 27ی ئەم مانگەدا كوژرا، كوژرانەكەشی لەڕێی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی هێزەكانی عیراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوو كە بووە مایەی كوژرانی 10 تیرۆریستی داعش”.

وتەبێژی هاوپەمانی نێودەوڵەتی دەڵێت”كوژرانی ئەبو یاسر گورزێكی گەورەی تر بوو بۆ هەوڵەكانی داعش كە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ عیراق”.

دوێنێ‌ پێنج شەممە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، كوژرانی “جێگری خەلیفە و والی عیراق”ی ڕێكخراوی داعش، ڕاگەیاند.

بەپێی تویتێك كە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) لەلایەن كازمییەوە بڵاوكرایەوە”گەلی عیراق گەر بەڵێنیدا بەجێدەگەیەنێت، بەڵێنی وەڵامدانەوەیەكی هەژێنەرماندا بە گروپە تیرۆریستییەكانی داعش”.

بە وتەی سەرۆك وەزیرانی عیراق”وەڵامدانەوەكە لەلایەن دلێرانی عیراقەوە بوو كە لەڕێی ئۆپەراسیۆنێكی هەواڵگریی جۆرییەوە بوو بۆ لەناوبردنی سەركردەی گروپە شەڕەنگێزەكە كە ناوی (جێگری خەلیفە و والی عیراقی ڕێكخراوەكە)ی لەخۆیناوە و ئەبو یاسر عیساوییە)”.