سەردێر

بەوێنە: لە كەركوك 20 چەكداری داعش كوژران

خەڵك-
دەستەی حەشدی شەعبی، كوژرانی 20 چەكداریی داعش لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە باشووری پارێزگەی كەركوك ڕادەگەیەنێت.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن دەستەی حەشدی شەعبییەوە بڵاوكرایەوە”فڕۆكەوانی سوپا لە هێرشێكیدا كە گردبوونەوەیەكی چەكدارانی داعشی لە (وادی الشای)ی باشووری كەركوك كردە ئامانج، 20 چەكداریی ڕێكخراوەكە كوژران و ئۆتۆمبێلێك و مووشەكێك و ژمارەیەك هاوەنی ڕێكخراوەكەش تێكشكێنران”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لیوای 22ی حەشدی شەعبی لەكاتی هەڵكوتانە سەر مۆڵگەكەی داعش لە دوای بۆردومانەكە، دوو چەكداری تری ڕێكخراوەكەی كوشت”.

دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت”هێرشە ئاسمانییەكە پشتی بە زانیاریی هەواڵگری حەشد بەستبوو كە فڕۆكەكانی سوپای لەبارەی گردبوونەوەكە ئاگاداركردبۆوە، دوابەدوای ئەوەش هێزەكانی حەشد گەیشتنە مۆڵگەكەی داعش و دوو چەكداری ترییان كوشت كە خۆیان شاردبۆوە، بەو شێوەیە ژمارەی كوژراوەكانی داعش بۆ 22 كوژراو بەرزبۆوە”.

لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا، حەشدی شەعبی ئەو هێرشەی وەك “تۆڵەكردنەوەیەك بۆ شەهیدانی لیوای 22” لەقەڵەمدا.